مانای زیكر: هەر ووتەیەكە كە ستایش و پاڕانەوەی تێدا بێت، واتە پەرستشێكی گوفتارییەو بە گەورەگرتن و ستایشی خوای گەورەی تێدایە بە ناوو سیفاتەكانی، بە گەورەگرتن و بە تەنها پەرستنی وە سوپاس و بەگەورەگرتنی، یان بە خوێندنەوەی قورئانەكەی، یان بە داواكردن و پاڕانەوە لێی. انظر: الموسوعة الفقهية21/220، والفتوحات الربانية1/18.
كەواتە زیكر: بریتییە لە دەربڕینی چەند ووشەیەك بە دەم یان لەدەروون دا بەو شێوەیەی كە خوای گەورە پاشان پێغەمبەرەكەی(صلى الله عليه وسلم) ڕێیان پێداوەو تیایدا بە گەورە زانین و پاك ڕاگرتن و ستایش كردن و یادكردنی پەروەردگاری تێدایە. وە بەندە لەسەری پاداشت وەردەگرێتەوەو تای تەرازوی چاكەكانی پێدەوڵەمەندو قورس دەكات، وە بەهۆیەوە لە دنیاشدا دەپارێزێ لە شەیطان و خراپە .
ابن حجر(ڕەحمەتی خوای لێ بێت)فەرمویەتی: مەبەست بە زیكر لێرەدا وتنی ئەو لەفزانەیە كە هاندان هاتووە لەسەر وتن و زۆر دوبارەكردنەوەی بە نمونەی الباقیات الصالحات كە بریتییە لە (سُبْحانَ اللهِ، وَالحَمدُللهِ، وَلا إلَهَ إلاّ اللهُ، وَاللهُ أَكْبَر) ئەوانەی تریش كە وەك ئەون لە: (الحَوقَلة وَالبَسمَلة وَالحَسبَلة وَالإستِغفار)( الحوقلە: بریتییە لە وتنی (لا حَوڵ ۆلا قُوَّەَ إلاّ بِالله)، البَسمَڵە: وتنی (بِسمِ اللهِ الرَّحمنِ الرَّحیم)، وە الحَسبَڵة: واتە: (حَسبُنا اللهُ ۆنِعمَ الۆكیل)، وە الاستِغفار: واتە وتنی (أستَغفِرُ الله).) و لەو جۆرانە و پاڕانەوەی چاكەی دونیاو قیامەت.
هەروەها زیكری خوا بەكاردەهێنرێت بە مەبەستی بەردەوامی لەسەر كردەوە واجب و دیاری كراوەكانی وەك خوێندنەوەی قورئان و فەرموودەو فێربوونی زانست و نوێژی سوننەت.
پاشان زیكر هەندێك جار بە زوبان دەوترێت و كەسەكەش پاداشتی لەسەر وەردەگرێت، وە مەرج نییە كە دەبێت ماناكەی بهێنێتەوە بیری خۆی، بەڵام مەرجە غەیری ئەو مانایەی مەبەست نەبێت كە هەیەتی، خۆ ئەگەر لەگەڵ وتنی زاردا دڵیشی لەگەڵدا بێت ئەوە تەواوترە، ئەگەر لەگەڵیدا مانای زیكرەكەی بهێنێتەوە بیری خۆی وە ئەوەش كە لەخۆی گرتووە لە بەگەورەگرتنی خوای گەورەو نەفی كردنی نوقصانی لێی ئەوا زیاتر تەواوترە، خۆ ئەگەر ئەو زیكرە لە كردەوەیەكی چاكی فەرزدا بێت وەك نوێژ یان جیهاد یان غەیری ئەمانە زیاتر تەواوترە... فتح الباري - ابن حجر - دار المعرفة (11/ 209).
كەواتە ئەو زیكرەی كە خوای گەورە فەرمانی پێ كردووەو ستایشی زیكركەرانی كردووەو باسی لە پاداشتی خێراو دواخراوی كردوون: لە كاتی بە ڕەها ناوهێنانیدا هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە لە خوای گەورەت نزیك دەكاتەوە لە: بیروباوەڕ، یان بیركردنەوەی بەسوود، یان ڕەوشتی جوان، یان كردەوەی دڵ یان لاشە، یان ستایش كردنی خوای گەورە یان تەسبیح و هاووێنەكانی، یان فێربوونی ئەحكامە ئوصولی و فەرعییەكانی شەرع، یان هەر زانستێك یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوانە، هەموو ئەمانە دەچنە ناو بازنەی زیكری خوا. تفسير السعدي1/945.
جا زیكر كردن بەشێكە لە عیبادەت و بگرە لە چاكترینی پەرستشەكانەو هیچ عیبادەتێكیش وەگیراو نابێت هەتا دوو مەرجی تێدا نەیەتە جێ:
1- لەبەرخوا بێت و مەبەست و نیاز تێیدا تەنها ڕەزامەندی خوا بێت.
2- بە پێی شەرعی خوا بێت و لەسەر بەڵگە ئەنجام بدرێت. نەك بە پێی هەواو داهێنراو، وە ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت ئەوا یان حەرامە یان مەكروهە، وە تیایاندایە شیركەو زۆر كەسیش هەستی پێ ناكات.
كەواتە (بۆ هیچ كەسێك نییە جۆرە زیكرێكی دیاری كراو دابهێنێت (نە لە چۆنییەتیداو نە لە ژمارەیدا) و خەڵكی پابەند بكات پێوەی، چونكە لە زیكرە شەرعییەكاندا هەموو ئەم لایەنە پڕ كراوەتەوەو كەسیش پشت لەمە ناكات و بچێت بۆ لای زیكری داهێنراو جگە لە نەفام، یان بە زایەدەر یان سنوور بەزێن..). بڕوانە درێژەی ئەم ووتەیەی شێخی ئیسلام ابن تەیمیە(رحمە الله) لە: مجموع الفتاوی22/510ـ511.