1- تەنها خوای گەورە مەبەست بوون(الإخلاص).
2- دەبێ بە سوپاسو ستایشی خوای گەورەو صڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەست پێ بكات.
3- جەزم كردن لەپاڕانەوەو بڕوابوون بە وەڵام دانەوەی.
4- سووربونو دووبارەكردنەوە (إلحاح) لەپاڕانەوەداو پەلە نەكردن. واتە نەڵێت پاڕامەوەو گیرا نەبوو.
5- ئامادەبونی دڵ لە كاتی پاڕانەوەدا.
6- پاڕانەوە لە كاتی خۆشی و ناخۆشی و تەنگاوی و پێگیراندا.
7- جگە لەخوای گەورە لە كەس نەپاڕێتەوە.
8- نەپاڕانەوە لە كەسوكارو سامانو منداڵو خۆت بە خراپە.
9- دەنگ نزم كردنەوە لەكاتی پاڕانەوەدا لە نێوان پەنهانو ئاشكرادا.
10- دان نان بەتاوانو داواكردنی لێخۆشبوون لە خوا لێیو دان نان بەنیعمەتو سوپاس كردنی خوای گەورە لەسەری.
11- زۆر لەخۆ نەكردن لە رێكخستنی سەروا لە پاڕانەوەدا (عَدَم تَكلّف السّجع).
12- كوڕوزانەوەو خشوعو ئومێدو ترسان لە خوای گەورە.
13- گەڕاندنەوەی مافی ستەم لێ كراوان لەگەڵ تەوبەدا.
14- سێ بارە كردنەوەی پاڕانەوەكە.
15- ڕووكردنە ڕووگە(القِبْلة).
16- دەست بەرزكردنەوە لە پاڕانەوەدا.
17- دەست نوێژ شتن پێش پاڕانەوە ئەگەر گونجا.
18- سنوور نەشكاندن لە پاڕانەوەدا (واتە نەپاڕانەوە بە شتی ستەم ومەحاڵا ودەنگی بەرز یان قوڵكردنەوەی مەسەلەیەك).
ابن حجر(ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرمویەتی: (سنور بەزاندن لە پاڕانەوەدا بەوە دەبێت: دەنگ زیاد لە پێویست بەرز بكاتەوە، یان داوای شتێك بكات كە شەرعەن ڕوودانی مەحاڵ بێت، یان داوای تاوان بكات، یان بە شتێك بپاڕێتەوە كە لە شەرعدا نەهاتبێت بە تایبەت ئەوانەی كەراهەتی لەسەر هاتووە وەك زۆر لەخۆ كردن بۆ ڕێكخستنی قافیەی پاڕانەوەكەو وازهێنان لەوەی فەرمان كراوە پێی). فتح الباري13/55.
19- دەبێ دوعاكەر لە پێشدا بپاڕێتەوە بۆ خۆی پاشان ئەگەر ویستی بۆ غەیری خۆی بپاڕێتەوە.
چەسپاوە لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) كە سەرەتا بە خۆی دەستی بە پاڕانەوە كردووە، وە هەروەها چەسپاویشە كە بە خۆی دەستی پێ نەكردووە وەكو پاڕانەوەی بۆ: (أنس وابن عباس وأم اسماعیل و غەیری ئەوان) وە بڕوانە درێژەی ئەم مەسەلەیە لە شەرحی نەوەویدا بۆ (صحیح مسلم) (15/144) وە (تحفە الاحوذي) شەرحی (سنن الترمذي) 9/328 والبخاری مع الفتح 1/218.
21- دەبێ خواردنو خواردنەوەو پۆشاكی حەڵاڵ بێت.
22- نابێ بپاڕێتەوە بەتاوان یان بێ بەزەیی.
23- دەبێ فەرمان بكات بە چاكەو بەرگری بكات لە خراپە.
24- دووركەوتنەوە لە هەموو جۆرە یاخی بوونێكی خوای گەورە.