نوێژی مردوو فەرزی كیفایەیە ( واتە ئەگەر چەند كەسێك ئەنجامی بدەن لەسەر موسڵمانان لادەچێو بە نەكردنی هەموو موسڵمانانی ئەو ناوچەیە گوناهبار دەبن)، وە ئەم نوێژە كوڕنوش و چەمینەوەی تێدا نییە، ڕاسترین شێوەی چوار تەكبیر(الله أكبر)ە، وە پێنج تەكبیر تا نۆ تەكبیر كردن هاتووە، وە ئەصڵ وەهایە تەنها لە تەكبیری یەكەمی نوێژ دابەستندا دەست بەرز بكرێتەوە.
ڕوو بە(قیبلە) دەوەستێت و مردووەكە لە بەردەم خۆیدا دادەنێو ئەگەر مردووەكە پیاو بوو لە لای سەرییەوەو ئەگەر ئافرەت بوو لە لای ناوەڕاستیدا دەوەستێت و تەكبیری دابەستن دەكاو دەست بەرز دەكاتەوەو پاشان دەست دەگرێو سورەتی [الفاتِحة] و سورەتێكی تر دەخوێنێت بە بێ دوعای دەستپێكردن (الإستفتاح)، وە تەكبیری دووەم دەكات و صڵاوات دەدات لەسەر پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم).
وە لە دوای تەكبیری سێیەم و چوارەم و…هتد دەپاڕێتەوە بۆ مردووەكە بەو پاڕانەوەی كە دواتر پێی دەگەین، وە بە دەنگی نزم ئەم نوێژە دەكرێت ئەگەر ئیمام بوو، مەگەر لەبەر فێركردنی خەڵكەكە دەنگ بەرز بكاتەوەو سڵاویش دەداتەوە هەر بە دەنگی نزم بە جۆرێك تەنها ئەوانەی دوای خۆی بیبیستن و بە یەك سڵاویش دەتوانێت سڵاو بداتەوە (واتە: بە یەك لادا)، بەڵام لە سێ كاتدا ئەم نوێژە دروست نییە مەگەر لەبەر ناچاری: (كاتێ خۆر هەڵدێ تا بەرز دەبێتەوە بە تەواوی) وە ( كاتێك خۆر دەچێتە ناوەڕاستی ئاسمان تا لادەدات) وە ( كاتێك خۆر سەر دەبات بۆ ئاوا بوون تا ئاوا دەبێت). بڕوانە درێژەی ئەمە بەبەڵگەكانییەوە لە (أحكام الجنائز)ی ئەلبانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت).